ڕۆمانی «داگیرکردنی تاریکی» بڵاوکرایەوە.

ڕۆمانی «داگیرکردنی تاریکی» بڵاوکرایەوە.

شانۆی ڕوداوەکان تورکیایە و کاتی ڕودانی بەشی هەرە زۆری پێشهاتەکانیش، ساڵانی ۱۹٤٥بۆ  ۱۹۷۹ یە، واتە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووەم تا دەگەینە سەر کۆدێتا سەربازیی و فاشیستیەکەی کەنعان ئیفرین.

ڕۆمانەکە گێڕانەوەی ژیانی بنەماڵەی تاریق ئاکانسویە کە پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەنکەرەیە و شەیدایەکی فەلسەفەی هێربەرت سبنسەر و داروینییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئاکانسو کەمالیستێکی توندڕەوە و دەیەوێت تورکیا بۆ قۆناغی دوای جەنگی جیهانی ئامادەبکات. بە فەرمانی سەرۆک وەزیران «عیسمەت ئینونو»، ئەرکێکی گەورەی پێسپێردراوە تا جێبەجێی بکات. کاتێک ساڵی ۱۹۴۵تاریق ئاکانسو دەگاتە شاری ئامەد، هاوشان بە دوو کوڕەکەی لە ماڵێکی تایبەتیدا نیشتەجێدەبن، کە دواتر دەبێت بە شانۆی زۆر ڕوداوی مێژوویی. عەلی ئیحسان ئاکانسوی کوڕە بچوکی تەمەنی سیازدە ساڵانە و ئارسین ئاکانسوی کوڕە گەورەی تەمەنی شازدە ساڵانە.

ڕۆمانەکە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و ناکۆکییە قووڵەکانی ناخی هەر دوو ئەم کاراکتەرە سەرەکییەدا گەشەدەکات و تا کۆتایی دەڕوات. جگە لە تاریق ئاکانسو و کوڕەکانی، ڕۆمانەکە ژمارەیەک پاڵەوانی سەرەکی دیکەشی تێدایە کار لە ڕەوت و شێوەی ڕوداوەکان دەکەن. لەوانە عیسمەت ئۆکتای، تورکێکی سەر بە گورگەبۆرەکانە و تووشی نەخۆشییەکی ناوازە بووە. ئیمران کارتاڵ، ڕاوکەرێکی شارەزای تورکە و بیست ساڵە لە چیاکانی کوردستاندا ڕاودەکات. جەوهەر سیزار، کوردێکی ڕۆحسوکە و لە یەکێک لە گوندەکاندا کاری تارسازیی دەکات.

لە ناو ڕۆمانەکەدا هەندێک کاراکتەری مێژوویی ڕاستەقینە تێکەڵ بە هەندێک کاراکتەری خەیاڵکرد دەبن و پێکڕا باس لەو دونیا ترسناکە دەکەن کە نەتەوەپەرستە تورکەکان لەسەدەی بیستدا دایانمەزراندوە.

کۆی ئەم تێکستە گەشتێکی درێژە بە مێژووی نوێی تورکیادا و ڕاوەستانە لەسەر ڕووی تاریک و خوێناوی ئەو مێژووە، شۆڕبوونەوەیە بە ڕۆحی داگیرکەرەکانی کوردستان و خەون و ترسەکانیاندا.

ڕۆمانەکە نزیکی ۷۲۲ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

 

لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە:

کلۆدیا کراماچێک: «لای بەختیار عەلی … وەک ئەوەیە مرۆڤ لە زیاد لە دەرگایەکەوە بچێتە ژوورێ، لە پشت هەر دەرگایەکیشەوە چیرۆکێکی نێوبەینی نوێ دەست پێدەکات کە بەرەو ناو دڵی وەک پشکۆ درەوشاوەی ڕۆمانەکەت ڕادەکێشێت. بە هەموو پێودان و هەقێک، ڕەوایە وەک بەشێکی لە ئەدەبیاتی بەرزی جیهان سەیر بکرێت.»

شتێڤان فایدنەر: «بەختیار عەلی ڕۆماننوسێکە، بە هەموو سەرچاوەکانی ئەدەبیات و ئەدەبیاتی مۆدێرندا شۆڕبۆتەوە و شارەزایە تیایاندا، بەڵام هەر ئەوە نییە، کارەکانی لە کۆنترین و ئەفسانە‌یترینی ئەو تێکستانەوە کە ئیلهام بەخشی ئەدەبیات بوون، سەرچاوە وەردەگرێت. جگە لەوەی خواستی گێڕانەوەیەکی بەهێز دەیجوڵێنێت، گێڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانا»

ئانیا ڕۆف: «بەختیار عەلی نیگاری دونیایەکی دڵڕەقمان بۆ دەکێشێت پڕ لە هەستی وەها بەهێز کە توانای وێرانکارییەکی توندیان هەیە، بەڵام بە عەشقێکی زۆر قووڵەوە بۆ مرۆڤ دەنوسێت»

منبع خبر: خانه کتاب کردی 

  • تاریخ انتشار : 13 دی 1399